مونا قەهوەچی: لایەنەکان هەنگاوی خێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێن

‌

وێستگەنیوز-

مونا قه‌هوه‌چی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان رایگه‌یاند، خەڵکی کوردستان نابێت نرخ و قوربانی ناکۆکی و درێژەکێشانی گفتوگۆ سیاسییەکان بدەن، ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بەرژەوەندی گشتی بخەنە سەروی بەرژەوەندی حزبی و بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی، هەنگاوی خێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێن.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ـی تشرینی یەکەمی 2026، مونا قه‌هوه‌چی له‌ په‌یامێكدا دەڵێت، "پێکهێنانی حکومەت لەم قۆناغە هەستیارەدا تەنها بابەتێکی سیاسی و ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتیمانییە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و بژێوی هاوڵاتیان، بوژانەوەی بازار و داهاتوی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "جێگیری سیاسی بنەمای جێگیری ئابورییە، حکومەتێکی بەهێز و خاوەن بڕیار دەتوانێت متمانە بگەڕێنێتەوە، بازاڕ بجوڵێنێتەوە، وەبەرهێنان هان بدات و دەرفەتی کار بۆ گەنجان زیاد بکات. هەروەها، یەکگرتویی دامەزراوەکان و بونی حکومەتێکی کارا، پێگە و ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ناوچە و ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر دەکات".


مونا قه‌هوه‌چی له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت، ده‌ڵێت، "خەڵکی کوردستان نابێت نرخ و قوربانی ناکۆکی و درێژەکێشانی گفتوگۆ سیاسییەکان بدەن، ئێستا کاتی ئەوەیە هەمو لایەنەکان بەرژەوەندی گشتی بخەنە سەروی بەرژەوەندی حزبی و بە ڕۆحی بەرپرسیارێتیی نیشتیمانی، هەنگاوی خێرا بۆ پێکهێنانی حکومەت بنێن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "پێکهێنانی حکومەت، هەنگاوێکە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک، بوژاندنەوەی بازار و بەهێزکردنی پێگەی کوردستان، دواخستنی زیاتر، لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە؛ بەڵام زیانەکەی بۆ هەموانە".


PM:03:31:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت