ئامانج رەحیم: ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم
وێستگەنیوز-
ئامانج رەحیم، سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان دەڵێت، قۆناغی ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم، دهشڵێت، پێویستە پرسە هەڵپەسێردراوەکان یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناغەکانی دواتر دوانەخرێن، چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکەی بودجه لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و ناردنی بۆ پەرلەمان، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت.
ئامانج رەحیم له نوسینێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی لهبارهی پشكی كورد له بودجهی عێراق باسی لهوهكردوه، "دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، کە بڕیارە ئەم هەفتەیە دەست پێبکەنەوە، هێشتا لە قۆناغی ڕەشنووس (مسوده)ى پڕۆژەی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدان، نەک پڕۆژە یاسا (مشروع قانون)ـی پەسەندکراو، ئەم ڕەشنوسە کاتێک دەبێتە پڕۆژە یاسا کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵییەوە پەسەند بکرێت و بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێردرێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "قۆناغی ئێستا ئاسانترین وگونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتن لەسەر جێگیرکردنی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم بە 14.14% و زامنکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
ئامانج رەحیم نوسیویهتی، "گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە بەپێی ماددەی (62/دوەم)ی دەستوری عێراق، ماددەی (12)ی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 و ماددەی (17/سێیەم)ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (13)ی ساڵی 2018، دەسەڵاتی ئەنجومەنی نوێنەران لە گۆڕینی بڕە داراییەکانی بودجەدا سنوردارە؛ دەتوانێت تەنها گواستنەوە و کەمکردنەوە ئەنجام بدات، بەڵام بۆ زیادکردنی کۆی گشتی خەرجییەکان تەنها دەتوانێت پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیران بکات نەک بڕیاردان".
سكرتێری ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان دهڵێت، "بۆیە پێویستە پرسە هەڵپەسێردراوەکان لە قۆناغی ئێستای ڕەشنوسکردندا یەکلایی بکرێنەوە و بۆ قۆناغەکانی دواتر دوانەخرێن، چونکە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی و ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، دانوستان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئاڵۆزتر و دژوارتر دەبێت".
PM:02:09:17/10/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت