ئاگرەکەی کۆگەی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کۆنترۆڵ کرا
وێستگەنیوز-
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاگرێک لە خەزانی ژێر زەویی کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، و دوای هەوڵی چڕی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کرا.
لەوبارەیەوە، ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند کە ئاگرەکە لە خەزانێکی کۆگایەکی سووتەمەنیدا کەوتووەتەوە و دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە خامۆش بکەن و رێگری لە تەشەنەسەندنی بۆ کۆگاکانی دیکە بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە.
بەهۆی سووتانی ماددە نەوتییەکانەوە، دووکەڵێکی رەش و چڕ ئاسمانی ناوچەی تانجەرۆ، بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و ئاراستەی ناوچەی قەراغی داپۆشیبوو، بەڵام بە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە مەترسیی رووداوەکە کۆتایی پێهات.
ناوچەی تانجەرۆ کە دەکەوێتە باشووری شاری سلێمانی، بە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی پیشەسازی دادەنرێت و ژمارەیەکی زۆر لە کارگە، پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنی لەخۆدەگرێت. بەهۆی کەمیی رێکارەکانی سەلامەتی و کەڵەکەبوونی ماددە سووتێنەرەکان، چەندین جار رووداوی هاوشێوە لەو ناوچەیە تۆمار کراوە؛ بە جۆرێک لە مانگی ئابی 2026دا ئاگرێکی گەورە لە هەمان ناوچە کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی زیاتر لە 30 تانکەر و برینداربوونی نزیکەی 20 کەس.
AM:10:41:17/10/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت