ئەم مانگە دابەشکردنی مووچە پێشدەخرێت
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 10ـەدایە، سەرچاوەیەکیش ئاشکرای کرد ئەم مانگە بەغدا زووتر دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات و بەوەش پارەی هەرێم زووتر دەنێردرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست وێستگەنیوز کەوتووە، ماوەی هەفتەیەکە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی 10 کردووە، لە ئێستاشدا کارەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و تەنها کاری وردبینیکردن و ڕێکارە ئیدارییەکانیان ماوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند: تاوەکو 20ـی ئەم مانگە، لیستی مووچە بە تەواوی ئامادە دەبێت، دواتر لەگەڵ ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە میزان موراجەعەی مانگی نۆ، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی بەغدای دەکەین.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئەوەی خستەڕوو، بۆ ئەم مانگە لە عێراق زووتر دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، چونکە داهاتی عێراق زیاد بووە و هیچ کێشەیەک بۆ دابینکردنی پارەی مووچە نەماوە، بڕیاریشە لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستپێبکات.
هاوکات، فەرمانگەکانی ژمێریاری و بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق، بە فەرمی داوایان لە سەرجەم وەزارەت، سەرۆکایەتی، دەستە، فەرمانگە و کۆمپانیا حکومییەکان کردووە کە لیستی مووچەی مووچەخۆران و میزان موراجەعەی مانگی ڕابردوویان بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی دوای چەند ڕۆژێک دەست بە خەرجکردنی پارە و دابەشکردنی مووچە بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ئەگەر هەیە لە 22ـی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بکرێت، بەم پێیەش بێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەم مانگە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش زووتر لە مانگەکانی پێشوو لەلایەن بەغداوە ڕەوانە بکرێت.
AM:10:17:17/10/2026
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت