کۆی ڕووداوەکانی دادگاییکردنی ئەمڕۆ؛ لە سەپاندنی سزای زیندانیکردنەوە تا کاردانەوەکانی لاهور شێخ جەنگی و پارێزەرەکانی

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەرکرد و سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن، تیمی پارێزەرانیش دەڵێن تانە لە بڕیارەکە دەدەن.


کاتژمێر 9:18 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، دانیشتنی دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و چەند تۆمەتبارێکی دیکە دەستیپێکرد.

لەنیا بەختیار، سەرنووسەری وێستگەنیوز کە لە ناو هۆڵی دادگاکەدا ئامادەبوو، ڕایگەیاند: دادگا بڕیاری کۆتایی خۆی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان سزای زیندانیکردن بەسەر بەشێک لە تۆمەتبارەکاندا سەپێنرا و دوو کەسیش ئازاد کران.

سزاکانی دادگا بەم شێوەیەی خوارەوەن:

لاهور شێخ جەنگی سزادرا بە 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن.
شێخ جەنگی سزادرا بە 3 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن.
ڕێبوار حامی حاجی غالی سزادرا بە 2 ساڵ زیندانیکردن.
پێشەوا، بۆتان، ڕێنوار و ڕێبوار هەر یەکێکیان سزادران بە 2 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن.
سەربەست، ڕەمەزان و ئاراس هەر سێکیان پێکەوە سزادران بە 1 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردن.

لەلایەکی دیکەوە، دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ هەریەکە لە کەیوان و محەمەد شێخ دەرکرد، ئەمەش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان و یەکلابوونەوەی دۆسیەکانیان.

دوای خوێندنەوەی بڕیاری سەپاندنی سزاکان، لە ناو هۆڵی دادگادا لاهور شێخ جەنگی ڕووی کردە سەرۆکی دادگا و پێی وت: بەداخەوە جەنابی حاکم، ئێوە بەس جێبەجێکارن، سلێمانیتان ناشرین کرد.

هەروەها وتیشی: زیندانیکردنێکی شەرەفمەندانەم پێ باشترە لە سەرشۆڕکردن بۆ دەسەڵات.

پۆڵاد شێخ جەنگییش لە کاتی جێهێشتنی هۆڵی دادگاکەدا ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: شەرمەزاری بۆ ئەم دادگایە.

پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنەکە، دانا تەقییەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: ئێمە بڕیارەکەی دادگا ڕەت دەکەینەوە و لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە تانە لە بڕیارەکە دەدەین.

وتەبێژی تیمی پارێزەران ئەوەشی خستەڕوو، ئەو 14 مانگەی ڕابردوو کە تۆمەتباران ڕاگیراون وەک بەشێک لە سزاکە بۆیان هەژمار دەکرێت، بڕیاریشە دانیشتنی داهاتووی دادگا لە 28ـی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی لاهور شێخ جەنگی، پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو پێی وایە بڕیارەکە لە دەرەوەی دادگا دراوە.

هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، تۆمەتباران لە بەردەم دادگای تاوانەکان سەرجەم تۆمەتەکانیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، ئەو دانپێدانانانەی پێشتر لێیان وەرگیراوە لەژێر ئەشکەنجەدا بووە.




PM:01:03:15/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت