مەسرور بارزانی بڕیارێکی نوێی لەبارەی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە دەرکرد

‌

وێستگەنیوز-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بڕیارێکی نوێدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێمی کوردستانی راسپارد بۆ ئەوەی خەرجییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بخەنە نێو خەرجییە سیادییەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە.


فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیراندا بە ژمارە (12,649) کە لە رێکەوتی 6ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرکراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پشکی خۆی لە بودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکاندا دەکات و دەبێت خەرجییەکانی پێشمەرگەش ئەو بەشە بگرێتەوە.

بەپێی نووسراوەکەی سەرۆکی حکومەت، پێویستە لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی پەیوەست بە بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027دا، کار بۆ دەستەبەرکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بکرێت بە هاوشێوەی هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵیدا، بە جۆرێک کە پڕۆژەکان، راهێنان و پڕچەککردنیش بە پێوەرێکی یەکسان لەخۆبگرێت.

هاوکات لە فەرمانەکەدا جەخت لە گرنگیی دروستکردنی هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق کراوەتەوە، تاوەکو لە سەرجەم قۆناغەکانی ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا بەرگری لەو ماف و شایستانەی هێزی پێشمەرگە بکەن.


AM:11:14:14/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو