قوباد تاڵه‌بانی: دڵنیایی هه‌یه‌ جارێكی دیكه‌ شه‌ڕ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی رووناداتەوە

‌

وێستگەنیوز- 

لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، جارێکی تر شەڕی براکوژی لەناو کورد ڕووناداتەوە و جەختیکردەوە، ئێمە هەرگیز بڕیار لەوە نادەین ململانێکان بگەنە ئاستی چەکداری و دەبێت لە چوارچێوەیەکدا کاربکەین کە لە ئیرادەی خۆماندا بێت. 

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق ناتوانێت هەموو کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات، بەڵکو کێشەکانی هەرێم بە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان چارەسەر دەبن.


دەستوور و ڕێکخستنی ناوماڵی هەرێم

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە پێویستە هەرێمی کوردستان دەستوورێکی هەبێت بۆ ڕێکخستنی ناوماڵی خۆی، چونکە نەبوونی دەستوور لە هەرێمی کوردستان کێشەی دروست کردووە. 

لەبارەی هێزە چەکدارەکانیشەوە ڕایگەیاند، چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و هێشتا زۆر قۆناغ ماوە جێبەجێ بکرێن، هاوکات جەختیکردەوە کە دەبێت هاوشێوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکانیش یەكبخرێنەوە.

پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی کێشەکان لەگەڵ عێراق پشتکردنە لە دەستوور و سادەترین داواکاریشیان جێبەجێکردنی دەستوورە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە وەکو یەکێتی بەشێوازێکی دامەزراوەیی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق ڕێکخستووە؛ سەرۆکی یەکێتیش وتی کوردستان کاتێک بەهێز دەبێت کە عێراقیش بەهێز بێت، بەڵام دەبێت ئێمەش لە بەغدا بوونمان هەبێت، چونکە ئەگەر لەدەرەوەی عێراق بین ئەوا بڕیارەکان بێ ئێمە دەردەچن و ئەوکان تەنها دەتوانین گلەیی لە خۆمان بکەین.

ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتی کاریگەریی هەبووە لەو بڕیارانەی لە عێراقەوە دەردەچن و نابێت خۆمان لە بەغدا بەدوور بگرین، بەڵکو پێویستە بەشێک بین لەو بڕیارانەی لە عێراقەوە دەدرێن. هەروەها وتیشی کە ئێستا دەرفەتێک لە عێراق ڕەخساوە بۆ ئەوەی حکومڕانییەکی باش هەبێت.


لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە ئەوان بە دیدی نوێوە لەگەڵ نەوەکانی سەردەمی ڕاپەڕین گفتوگۆ دەکەن.


PM:04:46:13/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت