وەزارەتی پەروەردە: فرۆشتنی هەموو جۆرەکانی چپس لەناوەندەکانی خوێندن قەدەغەیە
وێستگەنیوز-
لەپێناو پاراستنی تەندروستیی قوتابیان چەند ڕێکارێکی خۆپارێزی لە ناوەندەکانی خوێندن گیراوەتەبەر، لەوانە قەدەغەکردنی چپس لە فرۆشگای ناوەندەکانی خوێندن، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دراوە و ئێمەش جێبەجێی دەکەین.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، نووسراوێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەکانی کردووە، ئاماژە بەوەکراوە، چپس خراوەتە ناو لیستی خۆراکە قەدەغەکراوەکان و لەڕووی تەندروستییەوە رێگەپێدراو نییە.
باسی لەوەش کردووە، هەنگاوەکە لەسەر بنەمای نووسراوی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی بڕیاری لەسەر دراوە.
هاوکات پەیمان خواجە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لەم بابەتە ئێمە لایەنی بڕیاردەر نین، بەڵکو لایەنی جێبەجێکارین.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت: ساڵانە لەکاتی دەستپێکردنی خوێندن، وەزارەتی تەندروستی نووسراوێکی گرێدراو بە ئاسایشی خۆراکمان بۆ دەنێرێت، هەندێک خواردن لەنێو نووسراوەکەدا قەدەغە دەکات، ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی تەندروستی قوتابییان بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکەین.
PM:07:36:11/10/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت