دەزگای ئاڤێستا بۆ جاری دووەم خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی پێبەخشرا

‌

وێستگەنیوز-

ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی (ئەی پی) بڵاوی کردەوە، کە خانەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە تورکیا، بەهۆی خۆڕاگریی چەند ساڵەیەوە لە بەرامبەر سانسۆری دەوڵەت، خەڵاتی کۆمەڵەی خانەکانی بڵاوکردنەوەی ئەمریکا – ئەی پی پی وەرگرت. 

ئاژانسەکە ڕوونی دەکاتەوە کە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی ئاڤێستا لە تورکیا، بە هۆی بەرز ڕاگرتن و پاڵپشتیکردنی چاند و فەرهەنگی کوردی بۆ چەندان ساڵە لە ژێر زەبری سانسۆری دەوڵەتی تورکیایە، لەبەر ئەو بەهێزییەی خەڵاتی خۆڕاگریی کۆمەڵەی دەزگاکانی بڵاوکردنەوەی ئەمریکای بۆ ئەمساڵ پێ بەخشرا.

وەک ئاژانسەکە باسی کردووە لەبەر " بوێری و هێزی خۆڕاگریی لە داکۆکیکردن لە مافی ئازادی ڕادەربڕین."
ئاژانسەکە دەڵێت "لە ساڵی 2005ـیش، ئاڤێستا ئەو خەڵاتەی پێ دراوە و ئێستاش دوای بیست ساڵ زیاتر دیسان خەڵاتەکەی پێ بەخشرایەوە. 

هەر بۆیە، کۆمەڵە ئەمریکییەکە بەو خەڵاتە دانی بە خۆڕاگریی و بەرگەگرتنی ئاڤێستادا ناوە و پێی وایە  لە ئێستادا بە هێزتر بووە. 

سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵە ئەمریکییەکە ماریا پاڵانتی ئاماژەی بەوە کردووە کە خانەی ئاڤێستا لە دوو کاتی جیاوازدا کە بیست ساڵ زیاتریان نێوانە خەڵاتەکەی پێ دراوە و تەنانەت لە ئێستادا ئاڤێستا مکوڕترە لەسەر ئەو شەڕەی دەیکات و ئەوەش جەختکردنەوەیە لە ڕاستییەکی بنەڕەتی: شەڕی ئازادیی ڕادەربڕین ناوەندی ئازادییە بەڵام هەرگیز تا ئێستا بە ڕاستی نە گەیشتووەتە سەرکەوتن.

ئاژانسەکە ئاماژە بە بوونی کورد دەکات لە تورکیا وەک پێکهاتەیەکی گەورە و گرنگی وڵاتەکە کە سەردەمێکی درێژە لە پێناوی مافە نەتەوەییەکانیان خەبات و تێکۆشان دەکەن. لە لایەکی تریشەوە ئاماژە بە سەرەتای دامەزراندنی دەزگای ئاڤێستا دەکات لە سااڵی 1995، لە پێناوی ناساندن و تیشک خستنە سەر" کولتوورە ونبووەکان"، لە ماوەی کارکردنیدا سەتان کتێبی بە زمانی جۆراوجۆر بڵاوکردووەتەوە و بووە بە ناوەندێک بۆ کولتووری کوردی. بە چەندان شێوەش کەوتووەتە بەر زەبری توندوتیژی و سانسۆری دەوڵەت وەک قەدەغەکردنی کتێبەکانی، سووتاندنی کۆگای کتێبەکانی، قەدەغەکردنی خانەکە بە شێوەیەکی کاتی لە ساڵی 2023 و هەروەها ناساندنی بە " دەزگای تیرۆر". 

ئاژانسەکە ئاماژە بە لێدوانی عەبدوڵا کەسکین، دامەزرێنەری ئاڤێستا دەکات لەسەر وەرگرتنی ئەو خەڵاتە بۆ جاری دووەم و بە هاندانی دەزگاکەیانی دادەنێ بۆ بەردەوامی ئەرکەکانیان وهاندانی ئەدەب و لێکۆڵینەوە و ڕۆشنبیریی و ڕووناک کردنی ڕێگایان بۆ خۆڕاگریی زێدەتر.


PM:06:54:08/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو