شارەوانیی هەولێر کڕین و فرۆشتنی زەویی فەرمانبەران قەدەغە دەکات

‌

وێستگەنیوز-


سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئاگادارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەویی کارتەکان بە هەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە و پێچەوانەی یاسایە، تا ئەو کاتەی سەرجەم رێکارە یاساییەکانی تۆمارکردن تەواو دەبن و وێنەی تۆماری فەرمی (تاپۆ) دەردەچێت.

لە ئاگادارییەکەی شارەوانیی هەولێردا هاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای بڕیاری سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی و رێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی 2024 جێبەجێ دەکرێت، هەروەها هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییان و نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە کە خۆیان لەم جۆرە مامەڵانە بەدوور بگرن، بەپێچەوانەوە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەکەوێتە سەر شانیان.

دەشڵێت، تا کارەکانی تۆمارکردنی فەرمی و سەربەخۆ بۆ زەوییەکان تەواو نەبێت، کڕین و فرۆشتنیان بێبنەما و نایاساییە و تەنیا دوای
دەرچوونی تاپۆی سەربەخۆ بەکارهێنەر مافی مامەڵەی دەبێت، چونکە مامەڵەکردن بە زەویی کارت یان ئەوانەی هێشتا تەرخانکردنی فەرمییان بۆ نەکراوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی و یاسایی ئاڵۆز لە نێوان هاووڵاتییاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە کۆی 82 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەنتەری هەولێر کە رەزامەندییان بۆ گەڕاوەتەوە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون و پرۆسەکە بۆ قۆناغەکانی داهاتووش بەردەوامە.


PM:07:27:07/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت