ژووری بازرگانیی هەولێر هۆشداری دەدات لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و داوای پێداچوونەوە دەکات

‌

وێستگەنیوز-


ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای فرۆشتنی دۆلار دەربڕی و هۆشدارییدا، کە ئەم هەنگاوە ناهاوسەنگانە دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیریی بازاڕ و گرانبوونی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و پەکخستنی جووڵەی بازرگانی.

لە راگەیەندراوێکدا ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر رایگەیاند، سەپاندنی ئەم جۆرە بڕیارە ئابوورییانە بارگرانییەکی گەورە لەسەر بژێویی هاووڵاتییان بەتایبەت چینی کەمدەرامەت دروست دەکات، هاوکات ئاستەنگی جدی لەبەردەم وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان دروست دەکات لە جێبەجێکردنی گرێبەست و پلانەکانیاندا.

جەختیشی کردەوە، چارەسەری قەیرانەکان بە سەپاندنی بارگرانی لەسەر شانی کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان ناکرێت، بەڵکو پێویستە بەغدا سیاسەتێکی نەرمتر و زانستی تر پەیڕەو بکات بۆ پاراستنی بەهای دراو، هاوکات داوای لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە زووترین کات پێداچوونەوە بە بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای فرۆشتنی دۆلاردا بکەن، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی بەردەوامیی هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافی بازرگانانی هەرێمی کوردستان.


PM:05:25:07/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت