كچە كوردێک بووە یەکێک له باشترین زاناكانی جیهان
وێستگەنیوز-
د. پاوان سیروان فارس دزەیی، زانا و توێژەری کورد، لە پۆلێنبەندیی نێودەوڵەتی هەزار پێشەنگی زانایانی جیهان بۆ ساڵی 2026، پلەی 28ـەمی جیهانی و پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەست هێنا.
پێنوێنی نێودەوڵەتی ئەکادیمی لە هەڵسەنگاندنی نوێی خۆیدا بڵاویکردەوە، پاوان دزەیی لە بواری پسپۆڕیی کەناڵ و وەرگرەکانی ئایۆن لە پەردەی خانەدا بە نمرەی کاریگەریی 94.34، چووەتە ڕیزی 1.2%ـی پێشەنگی زانایانی جیهان.
ئەم پۆلێنبەندییە نێودەوڵەتییە تەنیا پشت بە ژمارەی بڵاوکراوەکان نابەستێت، بەڵکوو پێوەرەکانی وەک قەبارەی ئاماژەپێدانی زانستی لە لێکۆڵینەوەکانی تردا، پێنوێنییەکانی بەرهەمداری و پسپۆڕیی زانستی، ڕۆڵی توێژەر لە بەرهەمهێنانی زانست و بەردەوامیی کاری ئەکادیمی لەبەرچاو دەگرێت.
دکتۆرە پاوان دزەیی لە بواری کارئەندامزانی و دەمارزانی پزیشکیدا کار دەکات و توێژینەوەکانی لەسەر کۆئەندامی دەمار، کارکردنی خانە دەمارییەکان و میکانیزمە خانەیی و گەردیلەیییەکانیان چڕ کردووەتەوە.
ناوبراو لەپاڵ ئەمهدا، لە ساڵی 2017ـەوە سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژی دەکات سەبارەت بە گۆڕینی زانیارییەکانی مێشکی مرۆڤ بۆ سەر شێوازی ژمارەیی و دروستکردنی مێشکی ئامێریی زیرەک دهكات.
د. پاوان خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە بواری کارئەندامزانیدا بە هاوکاریی زانکۆی پاڤیای ئیتاڵیا کە یەکێکە لە دێرینترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئەوروپا و لە ئێستاشدا لە هەمان زانکۆدا وەک توێژەر لە بەشی زانستی مێشک و ڕەفتاردا کار دەکات.
هاوکات وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر سەر بە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سەلاحەدینە لە شاری هەولێر و پەیوەندییەکی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو زانکۆدا دروست کردووە.
PM:06:19:05/10/2026
ئهم بابهته 736
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت