سان تەها، یاریزانێکی کوردی شەترەنج لە ڕووسیا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و ئامانجیەتی ببێتە گران ماستەر

‌

وێستگەنیوز - فیردەوس دڵشاد

سان تەها، یاریزانی شەترەنجی کورد، لە لێدوانێکدا بە وێستگەنیوزی ڕایگەیاند، توانیویەتی پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتیی شەترەنج لە شاری یێکاترینبێرگی ڕووسیا بەدەست بهێنێت و تیایدا بە ناوی کوردستانەوە یاری کردووە.

سەرکەوتنەکەی ئەم یاریزانە کوردە لە میانی کێبڕکێکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لاوانی 2026 بووە، کە لە نێوان 11 بۆ 18ـەی ئەیلوول بەڕێوەچوو. 

سان تەها کە تاکە بەشداربووی کورد بوو لە پاڵەوانێتییەکەدا، توانی لە حەوت یاریدا بەسەر شەش ڕکابەریدا سەربکەوێت.

دوای مسۆگەرکردنی پلەی یەکەم، خەڵاتی پاڵەوانێتییەکەی لەلایەن پاڵەوانی ڕووسی و ڕێکخەری کێبڕکێیەکە سێرگی کاریاکینەوە پێبەخشرا. 

کاریاکین کە پێشتر پاڵەوانی جیهانی شەترەنج بووە، دوای مەراسیمی خەڵاتکردنەکە یارییەکی دۆستانەی لەگەڵ سان تەها ئەنجامدا.

دەربارەی هەستی خۆی بۆ ئەم سەرکەوتنە، سان تەها بە وێستگە نیوزی وت: هەستێکی زۆر خۆشم هەبوو، هەرچەندە پێشتر لە چەندین پاڵەوانێتیدا یەکەم بووم، بەڵام ئەمەیان جیاوازتر بوو، چونکە لە ڕووسیا بوو و هەموو یاریزان و رێکخەرانی یارییەکە پیرۆزباییان لێکردووە.

سەبارەت بە مێژووی ژیانی وەرزشی، سان تەها لە ساڵی 1999 لە سلێمانی لەدایکبووە، لە تەمەنی 5 ساڵییەوە، تەنها لە ڕێگەی سەیرکردنەوە و بێ بوونی هیچ مامۆستا و ڕاهێنەرێک فێری یاری شەترەنج بووە. 

لە تەمەنی 7 ساڵیدا کاتێک بەشداری پاڵەوانێتی سلێمانی کردووە، توانیویەتی ببێتە یەکەمی کوردستان و عێراق.

مێژووی ئەم یاریزانە پڕە لە دەستکەوت، بە جۆرێک لە تەمەنی 7 ساڵی تاوەکو 20 ساڵی، بۆ ماوەی 6 ساڵ بە بەردەوامی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سان تەها لە ساڵی 2010 لە تەمەنی 11 ساڵیدا بەشداریی لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی شەترەنج بۆ وڵاتانی عەرەبی لە سوریا کردووە و پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە، هەروەها لە ساڵی 2018 لە وڵاتی تونس پلەی پێنجەمی مسۆگەر کردووە.

لەکۆتایی قسەکانیدا بۆ وێستگەنیوز، ئەم یاریزانە کوردە جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکانی دیکەدا و ئامانجیشی ئەوەیە ناسناوی گران ماستەر لە یاری شەترەنجدا بەدەست بهێنێت.


PM:05:12:03/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت