پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان و تاوتوێکردنی پێنج پرۆژەیاسا کۆدەبێتەوە

‌

وێستگەنیوز-

پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی داهاتووی بڵاوکردەوە، کە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای دادنووسەکان و خوێندنەوە بۆ چوار پڕۆژەیاسای دیکە لەخۆ دەگرێت.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی ژمارە (24)ـی لە خولی شەشەمی هەڵبژاردن، ساڵی یەکەمی یاسادانان لە وەرزی دووەمدا بڵاوکردەوە، کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاتژمێر 2:00ـی پاشنیوەڕۆ بەڕێوە بچێت.

بەپێی کارنامەکە، بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دادنووسەکان (کاتب عدل) ژمارە (33)ـی ساڵی 1998 لەلایەن لیژنەی یاسایییەوە.

لە بڕگەی دووەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای چاودێریی نەوجەوانان ئەنجام دەدرێت کە لە 70 ماددە پێکدێت، هەروەها لە بڕگەی سێیەمیشدا تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای کاغەزە داراییەکان و کاڵاکان بەڕێوە دەچێت کە 32 ماددەی ماوەتەوە.

هەر لە کارنامەکەدا هاتووە کە لە بڕگەی چوارەمدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەستبوونی عێراق بە ڕێککەوتننامەی دامەزراندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ هاوکارییە کەشتیوانییە دەریاییەکان ئەنجام دەدرێت، هاوکات لە بڕگەی پێنجەم و کۆتاییشدا خوێندنەوەی دووەم (ڕاپۆرت و گفتوگۆ) بۆ پڕۆژەیاسای پەیوەستبوونی عێراق بە ڕێککەوتنی چوارچێوەیی بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی وزەی خۆر (ISA) بۆ ساڵی 2016 دەکرێت.


PM:02:37:03/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت