ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی تێدەپەڕێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 3ی تشرینی یەکەمی 2026، 9 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال)، سیاسەتوانی دیاری کورد، سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شەشەمین سەرۆک کۆماری عێراق تێدەپەڕێت، کە یەکەم سەرکردەی کورد بوو لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەدا ئەو پۆستەی وەرگرت.
جەلال حیسامەددین تاڵەبانی، لە هاوینی ساڵی 1933 (بە دیاریکراوی 12ی تشرینی دووەمی 1933) لە گوندی کەلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لە شاری کۆیە تەواو کردووە پاش ئەوەی باوکی بووە رێبەری تەکیەی تاڵەبانی لەو شارە. دواتر قۆناغی ئامادەیی لە شارەکانی کەرکووک و هەولێر تەواو کرد و لە ساڵی 1959 بڕوانامەی کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێنا، ناوبراو جگە لە زمانی کوردی، شارەزایی تەواوی لە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و ئینگلیزیدا هەبوو و بە زمانی فەرەنسیش قسەی دەکرد.
تاڵەبانی لە تەمەنێکی زووەوە تێکەڵ بە کاری رێکخراوەیی و سیاسی بوو؛ لە ساڵی 1946 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی کۆمەڵەیەکی نهێنی بە ناوی "کۆمەڵەی پێشخستنی خوێندنەوە" پێکهێنا، لە ساڵی 1947 پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کورد کرد و بە نازناوی "ئاگر" وتاری لە رۆژنامەی رزگاری بڵاودەکردەوە.
لە کانوونی دووەمی 1953 بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، و لە شوباتی هەمان ساڵدا سەرپەرشتی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانی کرد و بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا، هەروەها بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 1954دا چووە ناو مەکتەبی سیاسی پارتی و لە ساڵانی دواتردا رۆڵی لە دەرکردنی رۆژنامەکانی (خەبات) و (کوردستان)دا بینی.
پاش نسکۆی ساڵی 1975 لە ئەنجامی رێککەوتننامەی جەزائیر، جەلال تاڵەبانی لە 1ی حوزەیرانی 1975 لەگەڵ دەستەیەک لە هاوڕێکانی لە دیمەشق "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"ی دامەزراند و بووە سکرتێری گشتی حزبەکە، هەروەها نەخشەی شۆڕشی نوێی دانا کە لە 1ی حوزەیرانی 1976 راگەیەندرا.
پاش راپەڕینی 1991 و دروستبوونی شەڕی ناوخۆ، تاڵەبانی بووە سەرۆکی حکومەتی سلێمانی، و لە ساڵی 1998 لەگەڵ مەسعود بارزانی بە نێوەندگیریی ئەمریکا "رێککەوتننامەی واشنتۆن"ی واژۆ کرد بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ.
دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، تاڵەبانی بووە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی حوکم و بۆ خولێک سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەی کرد، لە 6ی نیسانی 2005، لە کۆی 248 دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانیی عێراق، توانی 227 دەنگ بەدەستبهێنێت و بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق لە دوای 2003 و یەکەم سەرۆکی کورد دیاری بکرێت، و تا ساڵی 2014 لەو پۆستەدا مایەوە.
لە 18ی کانوونی یەکەمی 2012 لە بەغدا دووچاری جەڵتە بوو، پاشان بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازرایەوە بۆ ئەڵمانیا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی 19 مانگ، لە 19ی تەمووزی 2014 گەڕایەوە سلێمانی.
سەرئەنجام لە 3ی تشرینی یەکەمی 2017، لە تەمەنی نزیکەی 84 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد. دوای سێ رۆژ و لە 6ی تشرینی یەکەمدا، تەرمەکەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەڕێندرایەوە و لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.
AM:10:08:03/10/2026
ئهم بابهته 352
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت