نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا: کاتی ئەوە هاتووە کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن
وێستگەنیوز-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەروەریی یاسا، و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە.
شەوی پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەغدا رێوڕەسمی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک "رۆژی سەروەری" دیاریکراوە، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و نوێنەرانی بیانی بەڕێوەچوو؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە 30ی ئەیلوول دوایین کاروانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کشانەوە و کۆتاییان بە ئەرکە سەربازییەکەیان هێنا.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا لەو بۆنەیەدا رایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراق، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوە تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکهاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکرێن و نەهێڵرێت ببنە قەیرانی بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو".
سەبارەت بە چەمکی راستەقینەی سەروەری لە وڵاتدا، سەرۆکی هەرێم روونیکردەوە کە سەروەری تەنها بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان بەدی نایەت، بەڵکو بریتییە لە بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانی کە تێیدا دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت، دەستوور و فیدراڵی جێبەجێ بکرێن، بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیدا بێت و دامەزراوە فەرمییەکان مەرجەعی هەمووان بن. هەروەها وتیشی: "هێزی عێراق لە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و لە ئاڵۆزیدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکرێن و هاوسەنگی و مافی هەمووان پارێزراو بێت".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئاماژەی بەوە دا کە عێراق پێ دەنێتە قۆناغی پشتبەستن بە توانای نیشتمانی و بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاسایشی وڵات. لەبارەی پەیوەندییەکانی داهاتووش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان، خواستی خۆی پێشان دا کە پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی سەربازیی دژەتیرۆرەوە بگوازرێنەوە بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەنی هەمەلایەن لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا، ئاسایش و دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.
نێچیرڤان بارزانی پێزانینی عێراقییەکانی بۆ هاوکاریی هاوپەیمانان لە رابردوودا دووپاتکردەوە، هاوکات باسی لە قوربانیدان و هاوسەنگەریی پێشمەرگە، سوپای عێراق، حەشدی شەعبی و سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کرد لە تێکشکاندنی داعشدا. لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی سەروەری و سەقامگیرییە و کار بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ دەکات تا وڵات نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکو ببێتە چەقی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
AM:10:14:02/10/2026
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت