پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر چارەسەری قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەدات
وێستگەنیوز-
بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک راسپاردەی لیژنەی نەوت و غاز، بڕیاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەربکات.
کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاند، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبەردەم 2 بژاردەدایە بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی لیژنەکەیان؛
بژاردەی یەکەم: ئەوەیە راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە راسپاردەکان بکرێنە بڕیار و رەوانەی حکومەت بکرێن.
بژاردەی دووەم: ئەوەیە لە هۆڵی پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە و پاش پەسەندکردنی، ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) بکرێت بۆ چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.
لیژنەی نەوت و غاز لە راسپاردەکانیدا چەند خاڵێکی سەرەکیی دەستنیشان کردووە، لەوانە: دابینکردنی سووتەمەنی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان، هەروەها ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەی رۆژانە دەدرێتە هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکرێت، ئەگەر ئەو هەنگاوەش نەکرێت، ئەوا ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ زیاد بکرێت، بە جۆرێک بەشی پێداویستییەکان بکات و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی.
پرسی گرانیی نرخ، خراپیی کوالێتی و جیاوازیی نرخی بەنزین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق، لە ماوەکانی رابردوودا بەردەوام وەک گرفتێکی سەرەکی لەبەردەم هاووڵاتییان و شۆفێران ماوەتەوە و پەنابردنی پەرلەمان بۆ دەرکردنی بڕیار، بە مەبەستی بنبڕکردنی ئەو جیاوازی و قەیرانە دووبارەبووەیە.
AM:09:59:02/10/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت