فراکسیۆنی پارتی: سەروەریی راستەقینە بە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەدی دێت

‌

وێستگەنیوز-


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و راگەیاندنی رۆژی سەروەری، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە، سەروەریی راستەقینە و سەقامگیریی درێژخایەن بە بەهێزکردنی یاسا، کۆکردنەوەی چەک لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا و ئەوەی بڕیاری جەنگ و ئاشتی تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت بەدی دێت.

ئاماژەی بەوەش دا، کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان وێستگەیەکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوی عێراق، هاوکات سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وڵاتانی هاوپەیمان کرد کە لە سەردەمی شەڕی بەگژداچوونەوەی داعشدا شانبەشانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هاوکار بوون و قوربانییان دا.

دەشڵێت، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پەرەپێدانی هەماهەنگیی تۆکمەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان.

لە کۆتاییدا فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، عێراقێکی ئارام و خاوەن بڕیاری سەربەخۆ تەنیا لە سایەی پابەندبوون بە دەستوور، هاوبەشیی راستەقینە، رەچاوکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان و دوورکەوتنەوە لە ململانێیە ناوخۆیی و هەرێمییەکاندا دێتە دی.


PM:05:01:01/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت