لە دوو گوندی هەولێر ڕێگری لە ئاودانی سەوزە و گەنمەشامی بە ئاوی پیس کرا
وێستگەنیوز –
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستبەسەرداگرتنی تەواوی کەلوپەل و بۆڕییەکانی ئاودانی نایاسایی بە ئاوی پیسی لە دەشتاییەکانی هەردوو گوندی توڕەق و سوێری ڕاگەیاند، کە بۆ ئاودانی بەرهەمی گەنمەشامی و سەوزە بەکارهێنرابوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، دوای چاودێری و بەدواداچوونی وردی تیمەکانیان دەرکەوتووە بەشێک لە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی نایاسایی هەزاران مەتر بۆڕییان ڕاکێشاوە و ئاوی پیسی کەندی ناوچەکەیان بۆ ئاودانی ڕووبەرێکی فراوانی بەرهەمی گەنمەشامی، سەوزە و بەرهەمی کشتوکاڵی بەکارهێناوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەی تەندروستی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکات.
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، تەواوی کەلوپەل و بۆڕییەکان لادران و دەستیان بەسەردا گیرا و خاوەنی سەرپێچییەکانیش ڕووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە.
جەختیشی کردووەتەوە کە پاراستنی تەندروستیی گشتی لە سەرووی هەموو ئەولەویەتەکانیانەوەیە و لێپێچینەوە لە هەموو زێدەڕۆییەک دەکرێت.
PM:03:34:01/10/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت