وتەبێژی یەکێتی: ئێستاش ئامادەیی تەواوەتیمان هەیە بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک و تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق

‌

وێستگەنیوز-


کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەوان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەوردی و نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێریی ئەو رووداوە نەخوازراوەی شاری کەرکووکی خۆشەویست دەکەین، کە بەداخەوە دوێنێ دوو گەنجی کورد لە پردێ تێیدا شەهید بوون.

بە فەرمیش داوای لە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی کەمتەرخەمان ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببنەوە. جەختیشی کردەوە، شاری کەرکووک نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانە و لە رابردووشدا رۆڵی پێشەنگی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبووە.

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، بە پشتیوانیی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوئاهەنگی لەگەڵ تەواوی هێزە عێراقییەکان، ئامادەیی تەواوەتییان بۆ بەرگریکردن لە کەرکووک و خاکی هەرێم و عێراق هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا وتی، نابێت پرسی تیرۆر و رووداوەکانی پەیوەست بە خەڵکی مەدەنی تێکەڵ بکرێن.


PM:10:39:29/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت