دوای کێشەکەی عەبدولـلەتیف ئەحمەد؛ زانکۆی سلێمانی بەڵێننامەیەکی یاسایی بە مامۆستایان و وانەبێژان پڕ دەکاتەوە
وێستگەنیوز بەڵێننامەیەکی فەرمیی یاسایی دەست کەوتووە، کە
لەلایەن زانکۆی سلێمانیەوە ئامادەکراوە بۆ مامۆستایان و ئەندامانی دەستەی
وانەبێژانی، تاوەکو پابەندبوونی تەواویان بە یاسا بەرکارەکان و رێنماییە
ئەکادیمییەکان جێبەجێ بکەن و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئاڵۆزییانە بگرێت کە لە
دوای لێدوان و هەڵوێستەکانی عەبدوللەتیف ئەحمەد (پێشەوای رەوتی سەلەفی لە هەرێمی
کوردستان) دروست بوون.
بەپێی بڕگەکانی ئەو بەڵێننامەیەی دەست وێستگەنیوز
کەوتووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی زانکۆی سلێمانییەوە سەرپەرشتی
دەکرێت، هەموو مامۆستا و وانەبێژێک لە کۆلێجە جیاوازەکاندا پێویستە ئاگاداری رێکارە
یاسایی و ئەکادیمییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بن و بە شێوەیەکی
فەرمی رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنیان دەرببڕن.
لە ناوەڕۆکی فۆڕمەکەدا هاتووە، هەر وانەبێژێک دوای خوێندنەوە
و تێگەیشتن لە رێنماییەکان، واژۆ لەسەر بەڵێننامەکە دەکات و کۆپییەکی لای خۆی
هەڵدەگرێت، بۆ پشتڕاستکردنەوەی یاساییش، بەڵێننامەکە لەلایەن فەرمانبەری یاسایی
زانکۆوە پەسەند دەکرێت و مۆری فەرمیی هۆبەی یاسایی لەسەر دەدرێت.
زانکۆی سلێمانی لە رێگەی ئەم رێکارە یاساییەیەوە
هەوڵدەدات مامۆستایان و وانەبێژان بە شێوەیەکی فەرمی بە یاسا و رێنماییە
ئەکادیمییەکانەوە پابەند بکات، تاوەکو رێگری بکات لە بەکارهێنانی مینبەری زانکۆ بۆ
دەربڕینی هەڵوێستی تایبەتی و بێلایەنی و سەربەخۆیی ناوەندە زانستییەکان بپارێزێت.
PM:10:29:29/09/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت