لە کاردانەوەی بڕیارەکەی دادگادا.. دەستەی راگەیاندن رەتیدەکاتەوە بارەگاکانی کۆڕەک تیلیکۆم بکرێنەوە

‌

وێستگەنیوز-


دە ستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC) بە فەرمی رەتیکردەوە بارەگاکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بکرێنەوە و رایگەیاند، رێکارەکانی داخستن بەردەوام دەبن، ئەوەش راستەوخۆ دوای ئەوەی کۆمپانیای کۆڕەک بردنەوەی سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای بەرایی رەسافە لە بەغدا و گەڕانەوەی مافی کارکردنەوەی گرێبەستەکەی ڕاگەیاند.

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا روونی کردەوە، بڕیارەکەی دادگای بەرایی رەسافە تەنیا پەیوەستە بە شێوازی خشتەبەندیکردنی دانەوەی قەرزەکان و کاراکردنەوەی رێککەوتنی دارایی نێوانیان، نەک پێدانی مۆڵەتی کارکردن.

جەختیشی کردەوە کە داخستنی بارەگاکانی کۆڕەک بەهۆی بەسەرچوونی مۆڵەتە فەرمییەکەیەتی لە 30ـی ئابی 2022ەوە، هۆشداریشی دا کە لە وادەی یاسایی خۆیدا تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدات و هەر هەوڵێک بۆ کردنەوەی بارەگاکان رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێتەوە.

ئەم وەڵامە توندەی دەستەی راگەیاندن لە کاتێکدایە، کەمێک پێشتر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاهەنگی بردنەوەی کەیسەکەی گێڕا و رایگەیاند دادگای رەسافە بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندنی بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی (گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی) پووچەڵ کردووەتەوە و بڕیاریداوە دەستبەجێ کار بە رێککەوتنەکەی 23ـی ئەیلوولی 2023 بکرێتەوە.

لە بەرامبەردا، کۆڕەک تیلیکۆم داوای لە دەستەی راگەیاندن کردبوو بە رێزگرتن لە بڕیارەکەی دادگا لاپەڕەیەکی نوێ دوور لە رێوشوێنی ستەمکارانە بکەنەوە، بەڵام وەڵامە خێراکەی دەستەکە نیشانیدا کە ململانێی یاسایی و کارگێڕیی نێوان هەردوولا هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.

 


PM:11:43:28/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو