دادگای رەسافە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی دژی کۆڕەک تیلیکۆم پووچەڵ کردەوە

‌

وێستگەنیوز-


دادگای بەرایی رەسافە لە بەغدا بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی(CMC) تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی رێککەوتنی دارایی نێوان دەستەکە و کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی پووچەڵ کردەوە و بڕیاریدا دەستبەجێ کار بە گرێبەستەکەی نێوانیان بکرێتەوە.

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە 2ـی حوزەیرانی 2024 دەستەی راگەیاندن بە شێوەیەکی تاکلایەنە گرێبەستی یەکلاکردنەوەی دارایی نێوانیانی هەڵوەشاندەوە، کۆمپانیاکە سکاڵای یاسایی تۆمارکرد و دادگای رەسافە بڕیاریدا بە کارکردنەوەی دەستبەجێ بە گرێبەستەکەی نێوانیان کە لە 23ـی ئەیلوولی 2023 واژۆ کرابوو.

کۆڕەک تیلیکۆم رایگەیاند، پەنابردنیان بۆ دادگا لەسەر بنەمای باوەڕبوون بووە بە سەروەریی یاسا، هاوکات سوپاسی خۆڕاگریی بەشداربووانی کرد بەرامبەر ئەو فشارانەی لە ماوەی رابردوودا رووبەڕوویان بووەتەوە.

لە کۆتاییی راگەیەندراوەکەدا، کۆڕەک داوای لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کرد، لاپەڕەیەکی نوێی دوور لە ناکۆکی بکاتەوە و رێز لە بڕیارەکانی دادگا بگرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یاسایی و دوور لە رێوشوێنی ستەمکارانە کەرتی پەیوەندییەکان پەرەی پێبدرێت.


PM:08:54:28/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو