ئەمریکا ئامادەکاری بۆ سەردانێکی بەپەلەی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا دەکات
وێستگەنیوز-
عەبدولستار ئەحمەد دلێمی ئەندامی هاوپەیمانیی
ئەنبار ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رێکخستنی
سەردانێکی چاوەڕوانکراوی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ بەغدای پایتەخت بە رەزامەندیی
حکوومەتی عێراق، بە ئامانجی دووبارەکردنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی
لەسەر پڕۆژە هاوبەشەکانی وزە.
وتیشی، ئیدارەی ئەمریکا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی
سێقۆڵی کردووە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و عەلی زەیدی و ئەحمەد شەرع لە ئۆڤاڵ ئۆفیس،
کە تێیدا تیشکیان خستە سەر رێکخستنی هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ دووبارە
نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی "حەدیسە - بانیاس" بۆ
گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست، کە بڕیارە لە ماوەی نێوان 30 مانگ بۆ سێ ساڵدا تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بانگهێشتکردنی شەرع بۆ سەردانی بەغدا بووەتەوە بۆ ئامادەکاریە لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دانپێدانانی
حکوومەتی نوێ، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق گڵۆپی سەوزی لەلایەن هێز و لایەنە
دەستڕۆیشتووەکانی ناو حکوومەتەوە بۆهەڵکراوە بۆ رەزامەندیدان لەسەر ئەم سەردانە و
ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە بەغدا.
لە لایەکی دیکەوە، دلێمی جەختی لەوە کردەوە، ئۆپۆزسیۆنێکی
بەربڵاوی پەرلەمانی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە دژی پێشوازیکردن لە
شەرع لە بەغدا، بەهۆی ئەوەی پێیان وایە واشنتۆن کار بۆ شەرعیەتدان و پاڵپشتیکردنی
سەربازی و ئابووریی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا دەکات.
PM:07:57:28/09/2026
ئهم بابهته 140
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت