سەرۆکی دەستەی راگەیاندن: مۆڵەتی ستارلینک لە عێراق فەرمییە و کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر داتاکانیدا هەیە
وێستگەنیوز-
بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و
پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، کارکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی
(ستارلینک) لە عێراقدا تەواو فەرمی و یاساییە و پرۆسەی گەیاندنی بەشی یەکەمی
ئامێرەکان بۆ ئەو هاووڵاتییانەی داوایان کردووە دەستی پێ کردووە و بە شێوەیەکی
ئاسایی بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەنجامدانی پشکنینە
ئەمنییەکانەوە خستنەبازاڕی ئامێرەکان کەمێک دواکەوت، بەڵام ئەو رێسا ئەمنییانەی
هاوپێچ کراون لەگەڵ مۆڵەتەکەدا گەرەنتیی ئەوە دەکەن کە عێراق کۆنترۆڵی تەواوەتیی
بەسەر داتاکاندا هەبێت، جەختیشی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکان زانیاریی
وردیان لەسەر ئامێرە کارپێکراوەکان و خاوەنەکانیان هەیە.
ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە، کە گوایە داتاکانی
عێراق لە وڵاتی قەتەرەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و بە (قسەی ناڕاست) ناوی بردن، هاوکات ئاشکرای کرد، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر
خزمەتگوزارییەکە، دانوستانیان لەگەڵ کۆمپانیاکە دەست پێ کردووە تا لەبری دوو ساڵی
تر، هەر ئێستا کار لەسەر دامەزراندنی دەروازەی دەستگەیشتن (Gateway) لە ناوخۆی عێراق و لە رێگەی تۆڕی نیشتمانییەوە
بکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەکە روونی کردەوە،
کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد تەنیا بە دەروازەکانەوە بەستراو نییە چونکە
پەخشەکە لە بۆشایی ئاسمانەوەیە، بەڵکو بە پلەی یەکەم پشت بە رێساکان، مۆڵەتدان و
پابەندبوونی کۆمپانیاکە بە سەروەریی دەوڵەت دەبەستێت.
PM:05:07:27/09/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت