بڕیار لەسەر دامەزراندنی زانکۆی خانەقین و دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان درا
وێستگەنیوز-
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا لە بەغدا، رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە شاری خانەقین کرا، لە بەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵی دەستبەجێ لە مێژووی دروستبوونیەوە دان بە زانکۆی گەرمیاندا دەنێت.
رۆژی یەکشەممە 27ی 9ی 2026، لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداری شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. ئامانج عەبدوڵا سەعید راوێژکاری وەزیر، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و نوێنەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی کرد، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزیری خوێندنی باڵای فیدراڵ و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی دانپێدانانی زانکۆی گەرمیان.
لە دانیشتنەکەدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی زانکۆیەک لە خانەقین بە ناوی (زانکۆی خانەقین) کە لە 3 کۆلێژەکەی ئەو شارە پێکدێت، بەو مەرجەی سەرۆکی زانکۆکە خەڵکی خانەقین بێت. هاوکات زانکۆکە بەپێی یاسای وەزارەت ژمارە 40ی ساڵی 1988 و هەموارەکانی، سەر بە حکومەتی فیدراڵی دەبێت و ستافی ئێستای بەڕێوەبردن و میکانیزمی وەرگرتن وەک خۆیان دەمێننەوە تا تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە رێکارەکانی دامەزراندنی زانکۆی خانەقین خێرا و دیاریکراو بن، پرۆسەی وەرگرتنی خوێندکارانیش بۆ ئەمساڵ لە نێوان خوێندکارانی هەرێم و دانیشتووانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەردەوام دەبێت.
لەگەڵ دامەزراندنی زانکۆکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ دەستبەجێ دان بە زانکۆی گەرمیاندا دەنێت لە مێژووی دروستبوونیەوە، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئایندەی خوێندکاران و بەدیهێنانی دادپەروەری بۆیان. بڕیاریشە دوای خستنەڕووی کۆنووسی کۆبوونەوەکە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەرگرتنی رەزامەندی، راستەوخۆ بڕیارەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم کۆبوونەوە و رێککەوتنە پاش ئەوە هات، لە 15ی تەمموزی 2026 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ کەلار و لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بەڵێنیدابوو لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی باڵا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی دانپێدانانی زانکۆکە بنێردرێتە بەغدا.
PM:02:20:27/09/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت