ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی زەوی بەسەر ڕۆژنامەواناندا دەربڕی
وێستگەنیوزـ
لە بڕیارێکی نوێدا و بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە 35ـی ڕۆژنامەگەری، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پێدانی زەوی بە ڕۆژنامەوانان، بە جۆرێک هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لەم مافە سوودمەند بن.
ئەمرۆ شەممە 26ـی ئەیلولی 2026، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بڵاویکردەوە، قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا لە نێوان 950 بۆ 1000 ڕۆژنامەوان فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە و سەرجەم ناوەکانیش ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراون بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.
لەبارەی مەرجەکانی پێدانی زەوییەکە، ئاماژە بەوە دراوە، کاری لەپێشینە بۆ ئەو ڕۆژنامەوانانە دەبێت کە ئەندامی کاران لە سەندیکا و فەرمانبەری کەرتی گشتی نین.
سەبارەت بەو ڕۆژنامەوانانەشی کە فەرمانبەری حکومەتن، پێویست ناکات لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن، چونکە پێشتر لە ڕێگەی فەرمانگە و دامەزراوەکانی خۆیانەوە مامەڵەی وەرگرتنی زەوییان بۆ ڕایی کراوە.
سەبارەت بە وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەستپێکردنی دابەشکردنی زەوییەکان بەسەر ڕۆژنامەوانانی کەرتی تایبەتدا، ڕوون کراوەتەوە کە پرۆسەکە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ دەست پێدەکات، ئەوەش دوای ئەوەی شارەوانییەکان کۆتایی بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەهێنن بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی کەرتی گشتی.
PM:09:45:26/09/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت