وەفدێکی باڵای هەرێم دەچێتە بەغدا بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی

‌

وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای وەزارەتەکەیان دەچێتە بەغدا، بەمەبەستی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ عێراق.

ئەحمەد مام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێکی باڵای وەزارەتەکەمان بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت و ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەش، گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسیی هەرێمە، بۆ ئەوەی هاوشێوەی زیندانیانی سیاسی لە حکومەتی فیدراڵ مووچەکانیان پێبدرێت.

سەردانەکەی ئەم وەفدەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵە بەردەوامانەدایە کە بۆ یەکخستن و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدرێن.


PM:04:53:26/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت