پشکی هەرێم و بڕی هەناردەی نەوت، کۆسپەکانی بەردەم رێککەوتنی بودجەی 2027

‌

وێستگەنیوز-


میدیای پارتی دەڵێت، گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 رووبەڕووی چەند کێشە و گەورە بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە داواکارییەکانی هەرێم لەلایەن شاندەکەیەوە رادەستی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراون.

ئاماژەیان بەوەش کرد، لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکاندا، شاندی هەرێمی کوردستان داوای گۆڕینی ئەو دەقە یاساییانەی کردووە کە لە بودجەی 2023ـەوە سەپێنراون، بەتایبەت لابردنی مەرجی (خەرجیی راستەقینە)، چونکە ئەم مەرجە وەک ئاستەنگێک لە بەرامبەر ناردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم سەیر دەکرێت و ناردنی بودجە تەنیا بەوەوە دەبەستێتەوە کە بەغدا چەند خەرج دەکات.

هەروەها ئاماژەیان بەوەکرد، لە دۆسیەی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانیشدا جیاوازیی گەورە لە نێوان هەردوو لایەن هەیە، بەغدا داوای رادەستکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکات، بەڵام هەرێم دەڵێت، بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانەوە تەنیا دەتوانێت 265 هەزار بەرمیل بۆ بەغدا دابین بکات.

ئاشکراشیان کرد، هاوکات هەرێم داوای جیاکردنەوەی روونی داهاتە فیدراڵییەکان و داهاتی ناوخۆی کردووە، تاوەکو رێژەی رادەستکردنی %50 یان %100ـی داهاتەکان بە تەواوی روون بێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری، ئاماژەی بەوە کردووە، رەنگە سێ کۆسپی سەرەکی کە تایبەتن بە هەرێم ببنە هۆی دواکەوتنی بودجەی 2027، کە بریتین لە داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەژمارکردنی پشکەکەی لەسەر بنەمای خەرجیی گشتیی پلانپێدراو لە شوێنی خەرجیی راستەقینە، جیاوازی لە بڕی نەوتی رادەستکراو بە بەغدا لە نێوان 500 هەزار بەرمیلی داواکراوی بەغدا و 265 هەزار بەرمیلی پێشنیازکراوی هەرێم، هەروەها داواکاریی هەرێم بۆ بەرزکردنەوەی پشکی خۆی لە بودجەی گشتیی عێراقدا لە %12.67ـەوە بۆ .%14.14


PM:04:04:26/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت