باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی دەکات
وێستگەنیوز-
باڵیۆزخانەی
عێراق لە لیبیا دەڵێت، بە شێوەیەکی بەپەلە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری
عێراقی دەکات کە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ناو خاکی لیبیاوە و گومانی خنکانیان
لە دەریای ناوەڕاستدا دەکرێت.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕاگەیاند،
باڵیۆزخانەکەیان لە هەماهەنگییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنە ئەمنی و
تەندروستییەکان و مانگی سووری لیبی، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی ئاماژە
بە خنکانی ئەو کۆچبەرانە دەکەن لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەورووپا.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هەواڵی خنکانیان بە
شێوەیەکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیاوە پشتڕاست نەکراوەتەوە و باڵیۆزخانەی
عێراق ماوەی مانگێکە هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی دروست و
باوەڕپێکراو لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە.
بەشێکی بەرچاو لەم کۆچبەرانە (کە دەگوترێت 10 کەسیان خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینن لە
هەرێمی کوردستان) لە رێگەی قاچاخەوە گەیشتوونەتە خاکی لیبیا بە مەبەستی پەڕینەوە لە دەریای
ناوەڕاست بەرەو وڵاتی ئیتاڵیا و ئەورووپا.
چەند ساڵێکە، لیبیا بووەتە یەکێک لە
مەترسیدارترین ناوەندەکانی قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە، کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی
کوردستان دوای گەیشتنیان بەو وڵاتە، لەلایەن تۆڕەکانی قاچاخچێتییەوە دەخرێنە سەر
بەلەمی ڕزواو و نەگونجاو بۆ دەریا، کە زۆرجار بەهۆی شەپۆلە بەهێزەکانەوە لە ئاوە
قووڵەکانی نێوان لیبیا و ئیتاڵیا نوقم دەبن.
ئەمە یەکەم حاڵەت نییە لە لیبیا روودەدات، لە
مانگەکانی ڕابردووشدا حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە
لیبییەکان توانیویانە دەیان کۆچبەری دیکەی عێراقی کە لە زیندانەکان یان
ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی لیبیادا ڕاگیرابوون ئازاد بکەن و بیانگەڕێننەوە بۆ
وڵات.
PM:02:15:26/09/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت