عێراق نەوتەکەی بە داشکاندنەوە دەخاتە روو بۆ فرۆشتن

‌

وێستگه‌نیوز –

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە دواساتەکاندا بڕێک نەوتی خاوی کۆتایی ئەم مانگەی بە داشکاندنەوە خستووەتە بەردەم کڕیاران بۆ فرۆشتن، دوای ئەوەی بەشێک لە کڕیارەکان پاشەکشەیان کرد لێی، بەهۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە.


‏بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (بلومبێرگ)، بەهۆی کەڵەکەبوونی بڕێکی زۆری نەوت، کۆمپانیای سۆمۆ ناچار بووە بەپەلە داوا لە لانی کەم دوو کۆمپانیا بکات نەوتەکەی لێ بکڕن، ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە دۆزینەوەی کەشتیی بارهەڵگر و کڕیار قورس بووە.

‏تێچووی گواستنەوەی نەوت بە کەشتییە گەورەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر لە 20 دۆلاری چووەتە سەر هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش نزیکەی پێنجیەکی نرخی بەرمیلێک نەوت پێکدەهێنێت کە ئێستا لە 100 دۆلار زیاترە.

‏هەڵکەوتەی جوگرافیی عێراق لە قووڵایی کەنداو و دوور لە گەرووی هورمز، وایکردووە گواستنەوەی نەوتەکەی قورستر بێت بەراورد بە وڵاتانی دیکە، بەمەش بەدەست نەبوونی کەشتییەوە دەناڵێنێت.

‏بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و ڕاکێشانی کڕیاران، عێراق نرخی دوو جۆری نەوتی بەسرە (مامناوەند و قورس)ـی کەمکردووەتەوە و داشکاندنی بۆ کردوون، لەو بارەیەوە عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، کێبڕکێی وڵاتانی کەنداو و پێشکەشکردنی داشکاندنی زیاتر لەلایەن ئەوانەوە، وایکردووە بەشێک لە بازرگانان ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن و بەشێک لە نەوتی عێراق بێ کڕیار بمێنێتەوە.


PM:08:48:25/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت