راوێژکاری خامنەیی هەڕەشە دەکات: یان فڕۆکەکانی ئێران دەفڕن یان گەشتەکانی ناوچەکە رادەگیرێن

‌

وێستگەنیوزـ

محەممەد موخبیر، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران، لە کاردانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی وڵاتەکەی هەڕەشەی کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەتوانێت گەشتی ئاسمانیی ئەنجام بدات و خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەکان بەدەست بهێنێت، ئەوا هیچ وڵاتێکی ناوچەکەش ناتوانێت ئەو کارە بکات.


ئەم هەڕەشانە دوای ئەوە دێن کە بەهۆی جێبەجێکردنی زنجیرەیەک سزای نوێی واشنتنەوە، چەندین وڵات و فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسمانی پێداچوونەوەیان بە مامەڵەکانیان لەگەڵ فڕۆکەکانی ئێراندا کردووە، ئەوەش بۆ خۆپاراستن لە سزادانیان لەلایەن ئەمریکاوە، کە بووەتە هۆی راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی چەندین گەشتی نێودەوڵەتی و دروستبوونی پشێوی لە هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانیی ئێراندا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، رێکخراوی فڕۆکەوانیی شارستانیی ئێران ڕایگەیاند کە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و مەسقەتی پایتەختی عومان، لە کاتژمێر 12ـی شەوی سێشەممەی رابردووەوە پێشوازیکردنیان لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران ڕاگرتووە.

لە هەمان کاتدا، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەڕاندنەوەی ئاسایشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا، پێویستی بە راگرتنی ڕێکارە تێکدەرانەکانی ئەمریکا و گەمارۆ ئابوورییەکەیەتی.

ئەم پێشهاتانە پەیوەستن بە بڕیارێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کە لە 8ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا سزای بەسەر 36 لایەندا سەپاند، بەهۆی پاڵپشتیکردنیان لە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران. بەپێی بڕیارەکەی ئەمریکا، تاران کەرتی فڕۆکەوانی بۆ گواستنەوەی )چەک و کەسانی سەربازی و کاڵای نایاسایی(بەکاردەهێنێت، سزاکانیش سەرجەم ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە خزمەتگوزارییەکانی سووتەمەنی، چاککردنەوە، خزمەتگوزاریی زەمینی و فرۆشتنی بلیت پێشکەش بە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دەکەن.


PM:05:39:25/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت