فڕۆکەخانەیەکی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران راگرت

‌

وێستگەنیوز-

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف رایگەیاند، لەسەر بنەمای رێنمایی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هاتن و رۆیشتن لەگەڵ ئێران، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینییەوە تا کاتێکی نادیار راگرت.

ئەمڕۆ هەینی 25ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەری وێستگەکان و هێڵە ئاسمانییەکان کراوە، هاتووە "بەپشتبەستن بە رێنماییە فەرمییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیار درا بە راگرتنی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان (هاتن و ڕۆیشتن) لە نێوان فڕۆکەخانەی نەجەف و کۆماری ئیسلامیی ئێران".

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بڕیارەکە لە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (25ـی ئەیلوولی 2026)ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.


هاوکات، کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە داوای لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی فڕۆکەخانە کردووە، هەموو رێکارێکی پێویست بگرنەبەر و لە ماوەی ئەم راگرتنەدا هیچ هەنگاوێکی ئۆپەراسیۆنی بۆ گەشتەکانی ئێران ئەنجام نەدەن؛ جەختیشی کردووەتەوە کە هەر پێشهاتێکی نوێ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بێتە ئاراوە، بە فەرمی رایدەگەیەنن.


PM:01:22:25/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت