باری لەناكاوی ژینگەیی لە عێراق راگەیەندرا
وێستگەنیوز-
وزارەتی ژینگەی عێراق باری لەناكاوی ژینگەیی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند و
جووڵەیەکی نیشتمانیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیسبوونی ژینگە دەستپێکرد، هاوکات
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر پێشنیازەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە
هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی ڕووباری دیجلە دا.
ڕاگەیاندنی باری لەناکاو لەلایەن سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراقەوە
هات لە کاتی ڕاگەیاندنی (پلاتفۆرمی چاودێریکردن و وەڵامدانەوەی سەرپێچییە
ژینگەیییەکان) بە ئامادەبوونی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی
نوێنەران و وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و پارێزگار و ئەمیندارێتی بەغدا.
وەزیری ژینگە جەختیشی لەوە کردەوە، رەوشی ژینگەیی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک
پێویستی بە رێکاری بێپێشینە هەیە و داوای جووڵەیەکی بەپەلە و هاوبەشی
دامەزراوەکانی دەوڵەتی کرد بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەکانی پیسبوون نەک تەنها
لێکەوتەکانی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ
پێنجشەممەیدا، دەنگی لەسەر راپۆرت و پێشنیازەکانی ئەو لیژنەیەدا کە تایبەت بوو بە
لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە و دیاریکردنی لایەنە
کەمتەرخەمەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و کارگێڕیی بۆ سنووردارکردنی ئاسەوارە
زیانبەخشەکانی.
کۆبوونەوەی وەزارەتی ژینگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە رێککەوتن لەسەر
ئامادەکردنی (پلانی باری لەناکاوی ژینگەیی) کۆتایی هات، کە ئامانجی دیاریکردنی کارە
لەپێشینەکان و چالاککردنی لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران و،
بەکارهێنانی پلاتفۆرمە نوێیەکە بۆ بەستنەوەی راستەوخۆی سکاڵاکانی هاووڵاتییان بە رێکارە
مەیدانی و یاساییەکانەوە.
PM:04:15:24/09/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت