جێگری سەرۆکی هەرێم: بەهۆی گوشاری هاوپەیمانانەوە هێزەکانی پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە


وێستگەنیوز-

مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە چۆتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لەژێر گوشاری هاوپەیمانان خراونەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەت، هاوکات جەخت لەسەر بڕینەوەی دەستی حزب لەنێو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا دەکاتەوە.


لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەهۆی گوشار و هەوڵەکانی هاوپەیمانانەوە کەوتووەتە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی و قۆناغی یەکەم لەو ئامانجە دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت دەستوەردانی حزبی و پشتیوانی حزبی بۆ بەپێشمەرگەبوون کۆتایی پێبهێنرێت و، تەواوی دەڤەرەکان بکەونە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەوە و مووچەی پێشمەرگە هاوتای سەربازانی عێراق بکرێت و، لە ئایندەدا ئەم پرۆسەیە هێزە ئەمنییەکانی دیکەش بگرێتەوە.

وتیشی، پێشتر حزبەکان هێزی پێشمەرگەیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا هەنگاونراوە بۆ ئەوەی هێزەکان بخرێنە ژێر ڕکێفی حکومەتەوە و دەڤەری یەک و دووش بکەونە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.

جەختیشی کردەوە، پێویستە ڕێکخستنی حزبی و وەرگرتنی ئابوونە لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگە بەتەواوی نەمێنێت، وە هیچ کەسێک بە پشتیوانی حزبی نەکرێتە پێشمەرگە، چونکە نابێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی ئیدارەی حکومەت بوونی هەبێت.

ڕوونیشی کردەوە، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، بۆیە پێویستە مووچەکەیان هاوتای سەربازانی سوپای عێراق بێت، هەروەها جەختی لە پێویستیی یەکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێم کردەوە، لە کۆتایشدا ڕایگەیاند، لە داهاتوودا واز لە کاری حزبی و حکومی دەهێنێت.






AM:11:21:24/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو