سیستەمی GPS بۆ سەرجەم پاسەکانی قوتابییان لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت


وێستگەنیوز-

دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی قۆناغی ئەزموونی، لە پارێزگای سلێمانی بۆ یەکەمجار سیستەمی جی پی ئێس (GPS) و ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت بۆ ئەو پاسانە جێبەجێ کرا کە قوتابییان دەگوێزنەوە، بە ئامانجی ئاگادارکردنەوەی راستەوخۆی خێزان و کارگێڕیی قوتابخانەکان لە کاتی چوون و هاتنەوەی منداڵەکانیان.


جەمیل کەمال، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی سلێمانی رایگەیاند کە لە رابردوودا لە پرسی پاسەکانی گواستنەوەی قوتابییان، بەتایبەت قوتابییانی کچ، رووبەڕووی چەندین گرفتی وەک سەرخستنی سەرنشینی زیادە دەبوونەوە کە لە بەشێک لە پاسەکاندا تا 40 قوتابی بار دەکرا، لەگەڵ سەرخستنی سێ قوتابی لە کورسیی پێشەوە، ئەمەش وایکرد بیر لە رێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو بابەتە بکرێتەوە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە روونیکردەوە کە سیستەمی جی پی ئێس بۆ تەواوی پاسەکان بەستراوە؛ لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە پێش گەیشتنی پاسەکە بۆ بەردەم ماڵ، نامەیەک بۆ کەسوکاری قوتابییەکە دەڕوات و پاش سەرکەوتنیشی ئاگادارییەکی تری پێدەگات کە وێنەی شۆفێر و ژمارەی تابلۆی پاسەکەی تێدایە، بە هەمان میکانیزم لە کاتی گەیشتن بە بەردەم قوتابخانەش هەردوولا ئاگادار دەکرێنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک قوتابییەک لە رێگەدا دابەزێت دەستبەجێ ماڵەوە و قوتابخانەکەی ئاگادار دەکرێنەوە تا رێگری لەو کێشانە بکرێت کە پێشتر روویاندەدا، لەبارەی دیاردەی "پاس گۆڕکێ"ش جەختی لەوە کردەوە کە چیتر رێگەپێدراو نییە شۆفێرێک قوتابی بەرێت و شۆفێرێکی دیکە بیگەڕێنێتەوە، بەڵکو دەبێت یەک شۆفێر بێت، تەنیا لە بارودۆخی تایبەتدا نەبێت کە پێویست دەکات رۆژێک پێشتر خێزانەکە و قوتابخانەکە لە گۆڕینی شۆفێر و ژمارەی تابلۆی نوێ ئاگادار بکرێنەوە.

بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە پێشتر بەکارهێنانی کامێرا لە پاسەکاندا چارەسەری کێشەکەی نەکردبوو چونکە لەلایەن شۆفێرانەوە دەکوژێنرانەوە، بەڵام ئەم سیستەمەی ئێستا بە هیچ شێوەیەک فێڵی تێدا ناکرێت و مەرجیشە هەر شۆفێرێک لە بەڵگە و تاوان ئەستۆپاکی بهێنێت و خێرایی پاسەکەشی لەژێر کۆنترۆڵدا بێت.

شایەنی باسە لە سنووری پارێزگای سلێمانی 1200 پاس هاتووچۆ بە قوتابییان دەکەن، پێشتریش لە راپرسییەکدا زیاتر لە 85%ی هاووڵاتییان و کەسوکاری قوتابییان دەنگیان بە بەکارهێنانی سیستەمی GPS دابوو بۆ پاراستنی سەلامەتیی منداڵەکانیان.


PM:12:12:23/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو