کێشەی گومرگیی ئینتەرنێتەکەی ئیلۆن مەسک لە عێراق چارەسەر کرا


وێستگەنیوز –

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکەم کاروانی ئامێرەکانی ستارلینک بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی ئاسمانی دەگاتە دەست بەکارهێنەران و کێشە گومرگییەکانی ئەو ئامێرانە بەتەواوی چارەسەر کراون.


ئەمرۆ سێشەممە 22ـی ئەیولی 2026، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە بەدواداچوون بەردەوام بوون بۆ ئاسانکاریکردن لە ئاڵوگۆڕ و گەیاندنی ئەو ئامێرانەی کە پێشتر لە گومرگ ڕاگیرابوون، تاوەکو بەخێرایی بگەنە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەپێی ڕوونکردنەوەی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، دواکەوتنی بارەکان پەیوەندی بە رێکارەکانی حکومەتەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی تەواوکردنی پێداویستییەکانی سیستمی گومرگی بووە لەلایەن کۆمپانیای ستارلینکەوە، هەفتەی ڕابردووش کۆمپانیاکە سەرجەم مەرجە یاسایی، گومرگی و باجەکانی جێبەجێ کردووە.

لە هەمان کاتدا، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردن لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق کۆبووەتەوە بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە هاتنەناوەوەی ئامێرە ڕێگەپێدراوەکان.

دەستەکە جەختی کردووەتەوە لەوەی پرۆسەی هاتنەناوەوەی ئامێرەکان کەوتووەتە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی و بارەکانی داهاتووش بە ئاسانی دەگەنە دەست هاووڵاتییان.

خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک کە سەر بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسکە، پشت بە تۆڕێکی گەورەی مانگە دەستکردەکان لە خولگەی نزمدا دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی خێرا، چاوەڕوان دەکرێت دوای چارەسەرکردنی ئەم ڕێکارانە، بەکارهێنانی ئەم خزمەتگوزارییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فراوان بڵاو ببێتەوە.


PM:06:36:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو