حەشدی شەعبی و چەکدارەکان تێکەڵ دەکرێن؛ عێراق پلانێکی شەش خاڵی بۆ ڕێکخستنی چەک ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز –

حکومەتی عێراق لە ڕێگەی سەرۆک وەزیران و لیژنەیەکی تایبەتی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، پێشنیازێکی شەش خاڵی داوەتە گرووپە چەکدارەکان بە مەبەستی ڕێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە وڵاتدا، کە جێبەجێکردنی قۆناغی کۆتاییەکەی تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2027 دەخایەنێت.


بەپێی زانیارییەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرپرسانی سیاسی لە بەغدا، سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ چەند گرووپێک، ڕێککەوتن کراوە ناوی پرۆسەکە لە "کۆنترۆڵکردنی چەک"ەوە بگوڕدرێت بۆ ڕێکخستنی چەک لە چوارچێوەی دەستووردا.

پێشنیازە شەش خاڵییەکەی حکومەتی عێراق بریتین لە:

30ـی ئەیلوولی 2026، کۆتاییهاتنی فەرمیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ڕاگەیاندنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە و خشتەی کاری قۆناغی داهاتوو.

90 ڕۆژی تاقیکردنەوە، هێورکردنەوەی دۆخەکە بە جۆرێک گرووپەکان هیچ هێرشێک ناکەن و ئەمریکاش هێرشیان ناکاتەسەر تاوەکو متمانە دروست بێت.

دەستپێکردنی قۆناغی ڕادەستکردن، دوای تەواوبوونی 90 ڕۆژەکە، ڕادەستکردنی چەک بەشێوەی پلەبەند و ڕێکخراو دەستپێدەکات.

تێکەڵکردنی هێزەکان، هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکان وەک هێزی سەربەخۆ؛ ئەندامەکانیان تەنیا وەک "تاک" دەچنە نێو دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە فەرمییەکان.

30ـی حوزەیرانی 2027، کۆتاییهاتنی تەواوی پرۆسەی چەکدانان و خستنەژێر ڕکێفی دەوڵەت بەپێی خشتەی دیاریکراو.
سەپاندنی یاسا، دوای تەواوبوونی ئەم مۆڵەتە، هەر گرووپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت کار بپڕێژێت، وەک گرووپێکی نایاسایی هەڵسووکەوتی لەگەڵدا دەکرێت.

دانوستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی حزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا بەردەوامن و تا ئێستا بەفەرمی چەکدانانیان ڕانەگەیاندووە، لە بەرامبەردا، گرووپی ئەسحابولکەهف بەکۆی دەنگ ڕەتیدەکاتەوە چەک ڕادەست بکات و مەرجی ڕێکخستنی چەک بە کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیاوە دەبەستێتەوە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە هاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ڕێککەوتنی چەکداماڵین بە قۆناغ ڕادەگەیەنرێت و جەختی کردەوە کە ئەم گرووپانە وەک قەوارەی سەربەخۆ نامێننەوە، بەڵکو تەنیا وەک تاک تێکەڵی حەشدی شەعبی دەکرێن.


PM:05:11:22/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو