مەسرور بارزانی: لە کارنامەی حکومەت بەڵێنمان بە یەکخستنەوەی پێشمەرگە دابوو و توانیمان ئەم دەستکەوتە بەدەستبهێنین


وێستگەنیوز-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی رێوڕەسمی راگەیاندنی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە بۆ پێشمەرگە و سەرجەم گەلی کورد، هاوکات دوای ماندووبوون و کارێکی زۆر توانرا ئەم دەستکەوتە گرنگە بەدیبهێنرێت.


سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی کابینەکەیەتی و وتی: "لە کارنامەی حکومەتدا بەڵێنمان دابوو کار بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بکەین و ئەمڕۆ ئەو بەڵێنەمان بردە سەر".

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر هەوڵە سیاسییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و روونیکردەوە، سەرۆک مەسعود بارزانی رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە سەرخستنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، هاوکات هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی رۆڵێکی سەرەکی و کاریگەریان لەم پرۆسەیەدا گێڕاوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ بەغدا، سەرۆکی حکومەت جەختی لە بەردەوامی و پتەوکردنی هاوئاهەنگی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە کردەوە.

هەروەها سەرۆکی حکومەت بەهای نیشتمانیی هێزەکەی بەرز نرخاند و رایگەیاند کە پێشمەرگە هەمیشە بەرگری لە پرەنسیپی پێکەوەژیان لە کوردستان دەکات، لە کۆتایی وتەکانیشیدا پیرۆزبایی یادی لەدایکبوونی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کرد.


PM:12:09:21/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو