بافڵ تاڵەبانی پێزانینی خۆی بۆ کردنەوەی سەنتەری ڤیزەی تورکیا لە سلێمانی دەربڕی
وێستگەنیوز-
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی کردەوە کە هەموو توانایەکیان خستووەتەگەڕ بۆ هێنانەدی سەقامگیری و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، هاوکات پێشوازی لە کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزەی تورکیا لە سلێمانی کرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلولی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی لەگەڵ ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و دۆخی گشتیی ناوچەکە کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هەنگاوەکان بەرەو لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە هاوبەشەکان و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان و بازرگانیدا کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ تاڵەبانی پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ کردنەوەی سەنتەری پێدانی ڤیزەی تورکیا لە سلێمانی و بە دەرفەتێکی گرنگی ناوبرد بۆ پتەوکردنی هاریکارییە دووقۆڵییەکان.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی یەکێتی هەموو توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ هێنانەدی سەقامگیری و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان بە شێوازێکی ئاشتییانە و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
PM:10:03:20/09/2026
ئهم بابهته 296
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت