دکتۆر بڕیار ڕەشید بۆ وێستگەنیوز: سۆمۆ ڕۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، بڕی هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل، هاوکات ڕەتیکردەوە ڕێگە بە پێدانی پارە بدەن بە ڕێکخراو یان لایەنی فەرمی و نافەرمی بۆ پەڕینەوەی کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمزدا.


د. بڕیار ڕەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز ڕایگەیاند، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، ڕۆژانە نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن.

تەنها لە ڕۆژی 19ـەی ئەیلولی 2026 بڕی 4 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە، لە کاتێکدا تێکڕای مانگانەی هەناردەکردن 2 ملیۆن و 590 هەزار بەرمیل بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەکانی هەناردەکردن جێگیر نین و لەم ڕۆژانەی دواییدا دوو بارهەڵگری نەوتی عێراق بوونەتە ئامانجی هێرشی درۆنی.

سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز، کۆمپانیای سۆمۆ وتوشییەتی: ئێمە دژی ئەوەین ئەو کۆمپانیایانەی نەوتمان لێ دەکڕن، پارە بدەن بە هەر لایەنێکی فەرمی یان نافەرمی بۆ پەڕینەوەی سووتەمەنییەکانیان لە گەرووی هورمزدا، بەڵام کۆمپانیاکانی کڕیار خۆیان بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرن و بەپێی تێگەیشتنی خۆیان هەماهەنگی دەکەن و گرنتیی پەڕینەوەی نەوتەکەیان دەکەن.


PM:04:06:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت