وەزیری دارایی عێراق: فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن بە هەمیشەیی


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی عێراق جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانەی لەسەر میلاکی هەمیشەیی خستە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەقی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، بە فەرمی خراوەتە نێو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.

هاوكات لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە بە هەمان شێواز سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە و هیچ جیاوازییەک لەنێوان فەرمانبەرانی ناوەند و هەرێمدا ناکرێت لە دەستەبەرکردنی میلاکی هەمیشەییدا.

لای خۆشییەوە وەزارەتی دارایی ڕوونی کردەوە، بڕیارەکە دوای ئامادەکردنی تێچووی دارایی و سەرژمێریکردنی ئامارەکان لەلایەن فەرمانگە پەیوەندیدارەکانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەمەش دۆسیەی گرێبەستەکان لە قۆناغی داواکارییەوە گوازراوەتەوە بۆ قۆناغی ڕێکارە فەرمییەکان تاوەکو هاوشانی پەسەندکردنی یاسای بودجە بخرێتە جێبەجێکردنەوە.


PM:03:57:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت