دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و شەرعیەتی حکومەتی هەرێم دواخست


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 20ی ئەیلوول، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی چەند سکاڵایەک تایبەت بە تەمەنی یاسایی پەرلەمان و شەرعیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دانیشتنەکەدا دادگا سکاڵاکانی رەتنەکردەوە و بڕیاریدا دانیشتنەکانی بۆ رۆژی 26ی تشرینی یەکەم (مانگی 10) دوابخات.


بەپێی زانیارییەکان، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی و دواخستنی دۆسیەکان بۆ مانگی داهاتوو، وەک مۆڵەتێکی کۆتایی دەبینرێت بۆ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت بۆ رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامانجی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.

دانیشتنەکانی دادگا تایبەت بوون بە یەکلاکردنەوەی 3 سکاڵای جیاواز، کە بەمشێوەیەن:

سکاڵای یەکەم لەلایەن رێبوار ئەورەحمان، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم تۆمارکراوە؛ تێیدا داوا دەکات لە رێکەوتی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە حکومەتی هەرێم بە کاربەڕێکەر هەژمار بکرێت و سەرجەم ئەو بڕیارانەشی لەو وادەیە بەدواوە دەریپێکردوون، هەڵبوەشێنرێنەوە.

سکاڵای دووەم لەلایەن عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان تۆمارکراوە، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی 6ـەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

هاوکات سکاڵای سێیەمیش هەر لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم تۆمارکراوە؛ ناوبراو داوا دەکات دادگا بەهۆی تەواوبوونی تەمەنی یاساییەوە حکومەت بە کاربەڕێکەر بناسێنێت، سنووری دەسەڵاتەکانی دیاری بکات و رێگەی پێ نەدرێت هیچ بڕیارێکی ستراتیژی دەربکات.


AM:10:33:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت