بە بەشداریی زیاتر لە 1.7 ملیۆن قوتابی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، ساڵی نوێی خوێندنی (2026-2027) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەستیپێکرد، دوای ئەوەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە زەنگی دەستپێکی خوێندن لێدرا.


بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1 ملیۆن و 750 هەزار قوتابی لە 7 هەزار و 590 ناوەندی خوێندندا روو لە هۆڵەکانی خوێندن دەکەنەوە، پرۆسەکەش لەلایەن 168 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت. هاوکات ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و 20 هەزار منداڵیش لە باخچەی منداڵان ناونووس کراون.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی لە مامۆستایان و قوتابییان کرد و جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتیی حکومەت بۆ کەرتی پەروەردە کردەوە.

سەرۆک وەزیران داوای لە قوتابییان کرد گرنگی بە زانست و خوێندن بدەن و هەمیشە مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست بن، هاوکات وتی: "ئەم وڵاتە بەرهەمی خوێندنی شەهیدان و رەنج و زەحمەتی پێشمەرگە قارەمانەکانە، پێویستە رێز لە پێشمەرگە و نیشتمان بگرین". مەسرور بارزانی سوپاسی مامۆستایانیشی کرد کە لە هیچ قۆناغێکدا نەیانهێشتووە پرۆسەی پەروەردە پەکی بکەوێت.

دابەشبوونی ئامارەکان بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
لە سنووری پارێزگای هەولێر، بەپێی وتەی لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، نزیکەی 500 هەزار قوتابی روویان لە پۆلەکانی خوێندن کردووە، کە 25 هەزاریان لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتین و دابەشی سەر 1,632 قوتابخانە بوون.

لە پارێزگای سلێمانی، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند کە 410 هەزار و 383 قوتابی لە 1,502 قوتابخانەی حکومی و ناحکومی وەرزی نوێ دەستپێدەکەن، لەو ژمارەیەش 30 هەزار قوتابییان بۆ یەکەمجار لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمارکراون.

لە پارێزگای دهۆکیش، سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکە روونیکردەوە کە زیاتر لە 426 هەزار قوتابی لە 1,521 ناوەندی خوێندندا دەخوێنن، لەو ژمارەیەش 32 هەزاریان لە پۆلی یەکی بنەڕەتین.
سەبارەت بە پارێزگای هەڵەبجە، سۆران عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە ئاشکرای کرد کە 28 هەزار قوتابی لە سنوورەکە لە 146 قوتابخانە و باخچەی منداڵان دەست بە خوێندن دەکەن و 2,300 کەسیان لە پۆلی یەکەمن.

بەپێی ساڵنامەی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی 2026-2027، وەرزی یەکەمی خوێندن ئەمڕۆ 20ی ئەیلوولی 2026 دەستیپێکرد کە لە 72 رۆژ پێکدێت، هەروەها وەرزی دووەم لە 03ی کانوونی دووەمی 2027 دەستپێدەکات و ماوەکەی 89 رۆژ دەبێت.


AM:08:30:20/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت