پارتی فەرشی سوور بۆ ئەو نەیارانە رادەخات کە سڵاوکردنی لێیان بە "جاشێتی" دەزانی


وێستگەنیوز-

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا و لە رۆژی پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمی دەرچوونی خولی 7ـەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە شاری دهۆک، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە کۆمەڵێک پەرلەمانتاری عێراقی کرد.


لەو ئاهەنگەدا فەرشی سوور بۆ ئەو پەرلەمانتارانە راخراو رێزیان لێنرا، لە کاتێکدا ئەو کەسایەتییانە پێشتر لەلایەن پارتییەوە لە رێگەی گوتارە سیاسییەکەیەوە بە دوژمنی کورد ناوی دەبردن بەبەردەوامیش شەقامی کوردییان دژ بەم پەرلەمانتارانە هان دەدا.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لەرێگەی گوتارە میدیاییەکەیشییەوە ئەو پەرلەمانتارە کوردانەیان بەخائین ناو دەبرد کە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم پەرلەمانتارانە دەکەن، بەجۆرێک دەیانووت: ئەوەی سەلامیشیان لێ بکات جاشە.

بەپێی زانیارییەکان، دیارترین ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسە عێراقییانەی لە لایەن پارتییەوە بانگێشت کرابوون و پێشوازییان لێکرا بریتی بوون لە: حەنان فەتلاوی، یوسف کیلابی، غەیس کیلابی ئامۆزای یوسف کیلابی، سەددام حسێن نوعەییمی، سەید جاسم جێگری سەرۆکی کوتلەی مونتەسیرونی سەر بە ئەبو ئالا، عیماد قاسم لە کوتلەی دەعمی دەوڵەی نزیک لە حەشدی شەعبی، لەگەڵ میزەر سۆفی سەرۆکی کوتلەی ئەبومازنی دەستگیرکراو لەسەر دزی.

ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا بڕوانامە بەخشرا بە 122 قوتابی لە 4 کۆلێژ و 8 پرۆگرامی جیاوازی بەکالۆریۆس، کە دابەشبوون بەسەر 68 دەرچووی ئەندازیاری، 31 دەرچووی هونەر و زانستەکان، 13 دەرچووی بازرگانی و 10 دەرچووی کۆلێژی پەرستاری.

زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە ساڵی 2014 بە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی دامەزراوە، بە دەرچوونی ئەم پۆلە، ژمارەی تەواوی دەرچووانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە گەیشتە 695 کەس و ژمارەی قوتابییانی لە پاییزی ئەمساڵیشەوە بووە بە 1005 قوتابی.


PM:05:53:18/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو