وتەبێژی سوپای ئێران: ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن لە فیلمی هۆلیوودی بچن و ئەفسانەی نەدۆڕان دروستبکەن


وێستگەنیوز-

وتەبێژی سوپای ئێران، بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی لەناوبردنی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، هێزەکانیان کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە و رێگەیان نەداوە کەشتییە ئەمریکییەکان لە کەناراوەکانیان نزیک ببنەوە.


سەردار محەممەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی مێهر، بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی لەناوبردنی توانای سەربازیی ئێران بە درۆ وەسف کرد و ڕایگەیاند، هێزی دەریایی ئێران لە دەریای عومان، دەریای عەرەبی و باکووری زەریای هیند جێگیرن و ڕێگرییان لە نزیکبوونەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کردووە.

لەبارەی دەرکەوتنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە میدیاکان، وتەبێژی سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لێدوانی فڕۆکەوانەکان دوورن لە ڕاستی و ئەمریکییەکان وەک فیلمەکانی هۆلیوود هەوڵدەدەن ئەفسانەیەک لە نەدۆڕانی خۆیان دروستبکەن بۆ ئەوەی شکستی ئۆپەراسیۆنەکانیان بشارنەوە.

سەردار ئەکرەمی نیا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی دەشتی مەحیار کرد و وتی: ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ئەمریکا لەو ناوچەیە شکستی هێنا و ناچاربوون فڕۆکە و هەلیکۆپتەرەکانی خۆیان بۆردومان بکەن، ئەمەش فەزیحەیەکی گەورە بوو هاوشێوەی ئەو شکستەی لە سەردەمی جیمی کارتەر لە تەبەس بەسەریاندا هات.

لە کۆتاییدا وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداریی دایە واشنتن و ترەمپ کە ئەگەر دووبارە دەستدرێژی بکەنەوە، بە شێوازێکی زۆر بەرفراوانتر و یەکلاکەرەوەتر لە پێشوو دەکرێنە ئامانج و تووشی شکستێکی قورس دەبنەوە.


PM:09:15:17/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو