دانا عەبدولکەریم: بە تێچووی زیاتر لە تریلیۆنێک دینار 488 پرۆژەی ڕێگەوبان تەواو کراون
وێستگەنیوز-
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێم ڕایگەیاند، زیاتر لە 1 تریلیۆن دینار لە 488 پرۆژەی ڕێگەوباندا خەرجکراوە، هاوکات هۆکاری پەککەوتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کەمدەرامەتانی بۆ قەیرانی دارایی و کێشەی سیستمی بانکی گەڕاندەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـەی ئەیلولی 2026، لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی سلێمانی و لەسەر پانێڵی ستراتیجیی کەرتی خانووبەرە و بانک، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم، ڕایگەیاند، 488 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 1 ترلیۆن دینار تەواوکراون کە بریتیین لە دروستکردنی 3 هەزار کیلۆمەتر ڕێگەی نوێ و نۆژەنکردنەوەی 2 هەزار و 500 کیلۆمەتری دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کابینەی نۆیەمدا جیاوازی نەکراوە، بەڵام بوونی دوو ئیدارەیی لە دارایی و دوو هێزی سەربازی هۆکاری دروستبوونی ئاستەنگەکان بوون، گەشەی کەرتەکە ناڕێکخراوە و هیچ ئامار و ڕووپێوییەک بۆ ژمارەی کرێچییان و گەشەی دانیشتووان لەبەردەستدا نییە.
لە پانێڵەکەدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە داوای دروستکردنی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووی کرد بۆ ئاسانکاری و پشتیوانیکردنی وەبەرهێنەران.
باسی لەوەشکرد، بەپێی یاسای ژمارە 18ـەی ساڵی 2006 نزیکەی 9 هەزار یەکە دەستپێکراون، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی 2014 و نەبوونی 10 بۆ 15 ملیار دیناری ساڵانە پەککەوتوون.
دانا عەبدولکەریم هیوای خواست لە گفتوگۆکانی بودجەی 2027ـی عێراقدا، پشکی هەرێم بۆ تەواوکردنی ئەو یەکەنەی کەمدەرامەتان تەرخان بکرێت.
PM:05:34:17/09/2026
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت