نێچیرڤان بارزانی: پێویستمان بە رێککەوتنی نوێ نییە لەگەڵ بەغدا و دەستوور رێککەوتنی هەمیشەییە
وێستگەنیوز-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، دەستووری عێراق رێککەوتنی هەمیشەییە و پێویستمان بە رێککەوتنی نوێ نییە، جەختیش دەکاتەوە کە عێراقێکیان ناوێت هیچ پێکهاتەیەک بە پشتڕاستبەستن بە هێز و ژمارە هەوڵی زاڵبوون بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە لوتکەی ئابووریی سلێمانی بەناونیشانی "دەرفەتێک بۆ گەشەپێدان و بوژانەوەی ئابووری” رایگەیاند، دەستوور گرێبەستێکە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، لە کاتێکدا جێبەجێکردنی دەستوور دەوڵەت بەهێزتر دەکات.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد، بەهێزیی عێراق بەندە بە کۆکردنەوەی هەموو پێکهاتەکان لەژێر چەتری دەستووردا و دەبێت مافی هەمووان پارێزراو بێت، هەروەها وتی: "بەهێزیی عێراق بەهێزیی کوردستانە و پێویستە بەهێزیی هەرێمی کوردستانیش وەک سەرچاوەی هێز بۆ عێراق سەیر بکرێت، ئێمە عێراقێکمان ناوێت کە هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز و ژمارە ببات".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووری و وەبەرهێنان و باسی لەوە کرد، کەرتی تایبەت هاوبەشێکی سەرەکی بووە لە بووژاندنەوەی کوردستاندا. جەختیشی کردەوە کە "سەرمایە بەدوای متمانەدا دەگەڕێت و متمانەش پێویستی بە ئاسایش هەیە"، هەر بۆیە ئەرکی دەسەڵاتە کە ژینگەیەکی یاسایی و ئەمنی بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێنێت و متمانە لە نێوان هاوڵاتی و وەبەرهێنەراندا دروست بکات، هاوکات نابێت ئاستەنگە سیاسییەکان ببنە رێگر لەبەردەم وەبەرهێناندا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان خواستی خۆی نیشاندا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشدا دەست بە وەبەرهێنان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندی و کاری هاوبەشی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم کرد و وتی: "من لەگەڵ کاک قوباد لە حکومەتدا پێکەوە کارمان کردووە و وەکو سەرمایەیەک بۆ ئەم وڵاتە تەماشای دەکەم".
AM:11:58:17/09/2026
ئهم بابهته 56
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت