ئەنجومەنی وەزیران: نابێت مووچەی هەرێم بە ناکۆکییە نەوتی و داراییەکانەوە ببەسترێتەوە
وێستگەنیوز-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە هیچ ناکۆکییەکی نەوتی یان داراییەوە ببەسترێتەوە و دەبێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ـەی ئەیلولی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، کۆبووەوە و چەند بڕیار و تەوەرێکی گرنگی تاوتوێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمدا، وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە ئامادەکارییە تەکنیکی و زانستییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن پێشکەش کرد.
هاوکات وەزیری پەروەردە ڕاپۆرتێکی لەسەر بەشداریکردنی هەرێم لە بەرنامەی نێودەوڵەتیی هەڵسەنگاندنی قوتابییان خستەڕوو کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی سیستمی پەروەردەیە بە پێوەرە جیهانییەکان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا ساڵی نوێی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست پێبکات.
لە تەوەرەی دووەمدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ئەنجومەنی باڵای دانیشتووانی عێراقی بە ڕەتکردنەوەی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە 12.68% بە تەواوی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە بەپێی سەرژمێریی فەرمیی ساڵی 2024 ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێم 14.14%ـە.
هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە ڕێکارە یاسایی و دەستوورییەکان بگرنەبەر بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم ڕێژەیە، چونکە جگە لە بودجە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا و پۆستە سیادییەکان هەیە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، شاندی باڵای دانوستانکار ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ڕەشنووسی بودجەی 2027 خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە هیچ ناکۆکییەکی نەوتی یان داراییەوە ببەسترێتەوە و دەبێت هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا خەرج بکرێت، هەروەها داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرا لە بەغدا یەکڕیز بن بۆ داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی هەرێم.
PM:09:38:16/09/2026
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت