دارا سێکانیانی بۆ وێستگەنیوز: پێگەی كورد لە بەغدا لاوازە و دوور نییە ئەوەی لە سوریا روویدا لێرش دووبارە نەبێتەوە
وێستگهنیوز – محەمەد فاتیح
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەو قەیران و مەترسیانە دەكات كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە.
دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە وێستگەنیوزی راگەیاند، ئەو قەیرانانەی لە هەرێمی كوردستان هەن و ساڵانێكی زۆرە بەرۆكی سەرجەم هاوڵاتیانی گرتووە بەهۆی كەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەوەیە و بەشێك لەو قەیرانانە دروستكراون، وهەرێم داهاتێكی زۆری هەیە و وەك پێویست نەخراوەتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە.
وتيشى، قەیرانی سیاسی و ئیداریشمان هەیە، پەرلەمان كارا نییە حكومەتەكەمان كار بەڕێكەرە، كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان به جۆرێك لە جۆرەكان هەڵوەشاوەتەوە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 214وە تائێستا نەكراوە.
روونیشیكردەوە، هۆكارە سەرەكییەكانی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بێ پلانی و بێ بەرنامەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان چونكە داهاتێكی زۆر و سەرماییەكی زۆرمان هەیە و خاكێكی بە پیتمان هەیە و دەروازەیەكی سنووری زۆرمان هەیە بەڵام بەهۆی بێ پلانی قەیرانێكی زۆر بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد، كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە و پابەند نەبوون بە یاساكان و ڕێكارەكان و ماددە دەستوورییەكان.
دارا سێکانیانی ئاشكراشیكرد، پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان لاواز بووە، بەهۆی ناكۆكییەكانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی یەك گووتاری و سەنگ و پێگەی كورد لە بەغدا لاواز كراوە بەهۆی گواستنەوەی كێشەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا.
دەشڵێت، تاكە هۆكار پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و هەندێك بنەماڵە و هەندێك كەسایەتی وایكردووە كە ئەزمونەكانی گەلی كوردستان و بەرژەزەندییەكانی و ئەو قوربانیانەی كە لە رابردوودا دراوە وەكو پێویست رێزی لێ نەگیرا و بەهەند وەرنەگیرا.
ئاماژەشیكرد، بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت بڕیار بدرێت حزب و حكومەت و تەواوی دامودەزگاكان ئامڕازێك بن بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك بەڵام لای ئێمە میللەت و هاوڵاتی كراونەتە قوربانی بەرژەوەندی هەندێك حزبك و هەندێك لایەن.
وتيشى، قورسترین قەیرانیش كە ئێستا هەیە ئەوەیە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان متمانەیان بە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان نەماوە وئەگەر بەجدی كار نەكرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بەدووری نازانین ئەو پشتیوانییەی هەیە لاوازتر دەبێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا بۆ وێستگەنیوز دارا سێکانیانی دووپاتیكردەوە، لەئێستادا وڵاتانی زلهێز بە تایبەتی ئەمریكا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی فێدڕاڵی بەغدا دەكەن و دوور نییە ئەوەی لە سوریا روویدا بەشێوازێكی جیاوازتر لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە.
PM:06:55:16/09/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت